مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە

مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخ

٢٤ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٥:٥٠

 

هەنگاو: چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (١۵ی مارسی ٢٠٢٣)، مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بە بیانوو ڕەوانەکردنی بۆ دادگا لە ژووری پاسەوانیی بەندیخانە بانگ کراوە و لەوێشەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە گواستراوەتەوە.


ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، ڕۆژی سێشەممەی حەفتەی ڕابردووش جارێکی دیکە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گواستراوەتەوە و پاش دوو ڕۆژ بۆ بەندی بەندکراوە سیاسییەکانی بەندیخانە هێنراوەتەوە.


بەپێی ئەوەی کە بڕیاری لەسێدارەدانی مەحیەدین ئیبراهیمی یەکلایی بووەتەوە، مەترسیی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە سیاسییە زۆرتر لە ئارادایە.


هەنگاو وێڕای نیگەرانیی خۆی لەسەر مەترسیی سەر گیانی ئەو هاووڵاتییە، داوا لە سەرجەم ناوەند، ڕێکخراو، کۆڕ و کۆمەڵەکانی مافەکانی مرۆڤ دەکات کە بۆ پێشگرتن لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە سیاسییە و ڕزگارکردنی گیانی ناوبراو هەموو هەوڵەکانیان بخە گڕ.


مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “ئەڵکاوێ”ی سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٤ی نۆڤەمبری ٢٠١٧) لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەسترێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.


ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی گەلاوێژی ٢٧١٨ (ئاگۆستی ٢٠١٨) بۆ جاری یەکم لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشەوە بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.


مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧١٩(١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٠) حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووهەم بە تۆمەتی “بەغی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.


مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە و باوکی منداڵێکی کەم ئەندامە و ١٠ ساڵ پێشیش هەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە