هەڵوەشانەوەی سزای سێدارەی حاتەم ئوزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی کورد لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە

سزای سێدارەی حاتەم ئوزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، لەلایەن لقی ٩ی

٢٢ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٢٠:١٧


هەنگاو: دووشەممە، ٢٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی حاتەم ئوزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەە و بۆ لقی هاوتەریبی خۆی لە ئورمیە نێردراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش ئەوەی کە حاتەم ئوزدەمیر، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، داوای پێداچوونەوە و تێهەڵچوونەوەی بڕیاری دادگای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کردبوو، سزای سێدارەی ناوبراو لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەی ناوبراو بۆ لقی هاوتەریبی خۆی لە دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئورمیە نێردراوەتەوە.

حاتەم ئوزدەمیر، تەمەن ٢٦ ساڵ و بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان، دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەرکران لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری خۆی، بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگەی ئەندامەتیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١۵ی مارسی ٢٠٢٢) ئەم سزایە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیەوە بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. دوایین دانیشتنی دادگای حاتەم ئوزدەمیر، لە کۆتایییەکانی هاوینی ئەمساڵ لە لقی ١ی دادگای شۆڕشیی کۆماری ئیسلامی لە شاری خۆی بەڕێوە چوو.


حاتەم ئوزدەمیر ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (٣ی جولایی ٢٠١٩) لە تێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ چەند گەریلایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی بۆرالانی شاری ماکۆ لە حاڵێکدا بریندار و لە هۆشی خۆی چووبوو، بە دیل گیرا.


ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی گەلاوێژ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠١٩) دوای تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی لە دەستبەسەرگەی بارەگای ڕەمەزانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ئورمیە بۆ بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لەو شارە گواسراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە