ڕفاندنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان لەلایە هێزە حکوومەتییەکانەوە

دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی خەڵات قادر و بەرزان قادری، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە ڕفێندراون.

٤ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ٠٠:٠٩


هەنگاو: هەینی، ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣
دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان بە ناوەکانی خەڵات قادری و بەرزان قادری، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە ڕفێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٢٢ی مارسی ٢٠٢٣) دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی خەڵات قادری و بەرزان قادری، خەڵکی گوندی "دوو پلوورە"ی سەر بە شاری مەریوان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراون و بۆ شوێنیکی نادیار گواستراونەتەوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە بە بیانووی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزی و جەژنی سەری ساڵی کوردی لە شاری مەریوان ڕفێندراون.


لە کاتی ڕفاندنی ئەو دوو کەسەوە کە سێ ڕۆژ تێپەڕ بووە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگیرانیان و دۆخی ڕاگرتنیان لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵە و کەسوکارەکانیشیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.


هەنگاو پێشتریش لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاندووە؛ لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردستان، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند شارێکدا تەقەیان لە خەڵک کردووە و بەم هۆیەشەوە زیاتر لە ٤٠ کەس بریندار بوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە