بەردەوامیی دەستبەسەربوونی فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕە تەمەن ١٧ ساڵەکەی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی لەسێدارەدراو

سەرەڕای تێپەڕبوونی ڕۆژێک لە دەستبەسەرکردنی فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی محیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو کە لە کۆتاییی مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

١٥ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٥:٢٦


هەنگاو: سێشەممە، ١۵ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

سەرەڕای تێپەڕبوونی ڕۆژێک لە دەستبەسەرکردنی فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی محیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو کە لە کۆتاییی مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ و بەرەبەرەی نەورۆز ٢٧٢٣دا لە سێدارە درا، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی لە بەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ فەخرەدین ئیبراهیمی تەمەن ١٧ ساڵ و کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی دووشەممە، ١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (٣ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، پاش ئەوەی کە لەلایەن لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی حکوومەت لە ئورمیە بانگ کراوە، دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی هیچ ئاکامێکی نەبووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیکی بنەماڵەی ئیبراهیمی، فەخرەدین لە ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە تۆمەتی "تێکدان و شکاندنی دەرگای پاسەوانیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە" لەلایەن لقی ٩ی لێپرسینەوەی ئەو دادسەرایەوە بانگ کراوە.


شایانی باسە کە فەخرەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢۵ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ و ڕۆژێک پێش جێبەجێکرانی سزای سێدارەی باوکی، لە پێش دەرگای بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە دەستبەسەر کراوە و ڕۆژێک دواتر ئازاد کراوە.


سزای سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کورد، ڕۆژی هەینی، ٢۶ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە جێبەجێ کراوە و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ، تاکوو ئێستا تەرمی ناوبراویان ڕادەستی بنەماڵە و کەسوکارەکەی نەکردووەتەوە.


بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە هەنگاو گەیشتووە، بەڕێوەبەریی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی حکوومەت لە شاری نەغەدە، هۆکاری مردنی مەحیەدین ئیبراهیمی لەسەر بەڵگەی مردنی ئەو بەندکراوە سیاسییە، "سزای یاسایی" تۆمار کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە