نایب عەسکەری، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئورمیە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

نایب عەسکەری، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە پاش دوو ساڵ دەستبەسەربوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "موحارەبە"

٢٧ خاکەلێوە ٢٧٢٣، ١٣:٥٧


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣

نایب عەسکەری، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری ئورمیە پاش دوو ساڵ دەستبەسەربوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "موحارەبە" سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو سزایەش بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ نایب عەسکەری، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی شاری ئورمیە، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن لقی٢ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ئورمیە بە تۆمەتی "موحارەبە" لە ڕێگەی ئەندامیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی عەسکەری، ئەو سزایە ڕۆژی ٢٦ی خاکەلێوە، بەفەرمی بە پارێزەرەکەی ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندراوە.


نایب عەسکەری، گورچیلەکانی بەردیان هەیە و سەرباری ئەوەش ئازاری گەدەی هەیە و ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی ٤ ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی بەندیخانە لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بووە و بە لەیزر بەردەکانی گورچیلەی شکێنداربوو. بەڵام گورچیلەی ناوبراو بەردسازە و بەهۆی ئەوەی ئاوی خواردنەوەی بەندیخانەی ئورمیە باش نییە، نەخۆشییەکەی سەری هەڵداوەتەوە و ئێستا بە دەستی ئازاری گورچیلەی ئازاری هەیە و لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.


ئەو بەندکراوە پێشتر لە هەرێمی کوردستان ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بووە و دوای وازهێنان لەو حیزبە و وەرگرتنی ئەماننامە لە سوپای پاسداران، ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) خۆی بە ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە ناساندووە. ناوبراو ناوبراو پێنج ڕۆژ پێشتر و هاوکات لەگەڵ دوایین ڕۆژی ساڵی ٢٧٢٠ لەگەڵ ژن و منداڵەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕابوویەوە زێدەکەی خۆی.


بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ سوپای پاسداران ئەماننامەکەی بە نووسراوە بە بنەماڵەی عەسکەری نەداوە و تەنیا بە شێوەی زارەکی و لە ڕێگەی ناسراوێکیانەوە ئەو کارەی کردووە و تەنانەت لە کاتی چوونەوەی نایب و بنەماڵەکەی بۆ ئورمیە ئەوان ئاگادار بوون. بەڵام ئێستا ڕایانگەیاندووە کە ئێمە ئەماننامەمان نەداوە.


ناوبراو دوای سێ مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ئورمیە و لە کاتێکدا بە سەختی ئەشکەنجە کرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە گواسرایەوە و لەو کاتەوە لەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە و لە مافی مەرەخسیش بێبەری کراوە.


شایانی باسە کە نایب عەسکەری لە کاتی دەستبەسەرکران، ژنەکەی دووگیان بووە و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە بێبەشکرانی لە خزمەتگوزاری پزیشکی و هەروەها یەکلایینەبوونی دۆسیەکەی، مانی لە خواردن گرتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە