دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی ناهید حاجەتمەند، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد
ژنێکی هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی ناهید حاجەتمەند، نزیک بە دوو حەفتەیە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە و تاک
هەنگاو: هەینی، ٢٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٣
ژنێکی هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی ناهید حاجەتمەند، نزیک بە دوو حەفتەیە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی ناهید حاجەتمەند و تەمەن ٤٠ ساڵ، ڕۆژی شەممە، ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٣) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی بەشداری لە بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکان لە ئورمیە گواستراوەتەوە.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی ئاکامێکی نەبووە و ناوەند و هێزە حکوومەتییەکان هیچ وەڵامێکیان بەو بنەماڵەیە نەداوەتەوە.
بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ڕەوتی سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا سەدان ژن لە شار و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون کە تاکوو ئێستا ناسنامەی ٢٢۵ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.