بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی سنە لەسێدارە درا

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی مستەفا ساڵحی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەن

٢٨ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٠٨:١١


هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی مستەفا ساڵحی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێکرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی پێنجشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣) ١٨ی مەیی ٢٠٢٣ (سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی مستەفا ساڵحی خەڵکی گوندی دزڵی سەر بە شاری سەوڵاوا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێکرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مستەفا ساڵحی سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی برای هاوژینەکەی دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
مستەفا ساڵحی ڕۆژی شەممە ٢٣ی بانەمەڕ هاوڕێ لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی جەمشید کەریمی خەڵکی دێولان و دانیشتووی سنە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەس گواسترابوونەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی بنەماڵەی کوژراوەکە لە بەرانبەر پێدانی بڕی ٤ ملیار تمەن پارە، سزای سێدارەی جەمشید کەریمی هەڵوەشاوەتەوە و جێبەجێ نەکراوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی کیومەرس مینبەری و سەعید ئەرجومەندی کە پێشتر بە هەمان تۆمەت ئەو سزایەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.


 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە