جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری سەراوڵە سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی حوسێن سولتانیان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسە

٨ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٠:٤٤


هەنگاو: دووشەممە ٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری سەراوڵە سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی حوسێن سولتانیان کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٧ی مەیی ٢٠٢٣) سزای سێدارەی حوسێن سولتانیان، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی شاری سەراوڵە، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری زاهیدان جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە دە ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری حکوومەتی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

هەنگاو زانیویەتی حوسێن سولتانیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دەیان جار بەشداری خۆی لە کوشتنی کوژراو ڕەت کردووەتەوە و بە هۆی درێژەی ناڕوونی چارەنووسی، نامەی بۆ ئەو دادوەرە کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندووە نووسیوە و داوای کردووە سزای سێدارەکەی جێبەجێ بکات.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە میدیا حکوومەتیەکان بڵاو نەبووەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە