جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ١۵ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی حەوتەی ڕابردوودا

بە لەسێدارەدانی لانی کەم ١٠ بەندکراو کە ئەمڕۆ لە بەندیخانەکانی کرمان، سنە، ئورمیە، جیروفت و ئیسفەهان و هەروەها لەسێدارەدانی بەندکراوێک لە شوێنێکی گشتیی شاری

٤ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢١:٢٨


هەنگاو: پێنجشەممە، ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

بە لەسێدارەدانی لانی کەم ١٠ بەندکراو کە ئەمڕۆ لە بەندیخانەکانی کرمان، سنە، ئورمیە، جیروفت و ئیسفەهان و هەروەها لەسێدارەدانی بەندکراوێک لە شوێنێکی گشتیی شاری مەراغە، لە ماوەی حەوتەی ڕابردوودا سزای سێدارەی ١۵ بەندکراو لە هەموو ئێراندا جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢۵ی مەیی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی لانی کەم٤ بەندکراو بە ناوەکانی قادربەخش دەهانی، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی زاهیدان کە خێزاندار بووە، عەبدولڕەسووڵ جەمشیدی، تەمەن ۵۵ ساڵ و خەڵکی پارێزگای فارس کە خێزاندار بووە و هەروەها عەلی سالاری خەڵکی جەیرووفت بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەی کرمان جێبەجێ کزا.


لە بەندیخانەی ناوەندیی گرگان ناوەندی پارێزگای گوڵستان، سێدارەی سێدارەی دوو بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست ئەو سزایەی بەسەردا سەپا، جێبەجێ کرا. ناسنامەی یەکێک لەو بەندکراوە لەسێدارەدراوانە بە ناوی شەعبان یووسفی و ئەوی دیکەیان بە ناوبانگی "بزی" بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.


سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی سەعید محەممەدی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.
هاوکات سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی ئەمیر مەهدی، کە پێشتر بە تۆمەتی "افساد فی الارض" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە شەقامێکی گشتیی شاری مەراغە و لە پێش چاوی خەڵک کە کۆمەڵێک ژن و منداڵیشی لێ بوو، جێبەجێ کرا.


هەر لەم ڕۆژەدا سزای سێدارەی بەندکراوێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی عەلی پیری، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا. ناوبراو ٣ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کراوە و دواتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.


هەروەها لە بەندیخانەی جەیروفت، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی مەهدی سالاری، خەڵکی شاری جیروفت و محەممەد دارایی (گوڵبەچە)، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری زاهێدان کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە، جێبەجێ کرا.


لە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٣، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی مەجید جەعفەری و عەلی تەبیب، لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان جێبەجێ کراوە.
ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.


هەر ئەو ڕۆژە، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی کرماشان بە ناوی سەعید محەممدی، پاش ١٢ ساڵ بەندکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا و پیاوێکی دیکە کە پێشتر بە تۆمەتی بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و کوشتنی ئەندامێکی هێزە حکوومەتییەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، سزاکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندرعەباس جێبەجێ کرا.


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەسەر پەرەگرتن و زیاتربوونی شەپۆلی لەسێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ئێراندا، داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی و بەتایبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات هەوڵی پێشگرتن لە سەپاندنی سزای سێدارە و لەسێدارەدانی زیاتری هاووڵاتییانی ئێران بدەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە