جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج

سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی عێزەتعەلی سەبزی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری هەرسین و محەممەد کازمی، خەڵکی شاری کەرەج کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار

١٠ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٠:٣٥


هەنگاو: چوارشەممە، ١٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی عێزەتعەلی سەبزی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری هەرسین و محەممەد کازمی، خەڵکی شاری کەرەج کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٣٠ی مەیی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی عێزەتعەلی سەبزی، تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی شاری "هەرسین"ی سەر بە پارێزگای کرماشان و محەممەد کازمی، تەمەن ٤٤ ساڵ و خەڵکی شاری کەرەج، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عێزەتعەلی سەبزی، باوکی سێ منداڵ بووە و سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە. برایەکی دیکەی ناوبراو بە ناوی فەردین سەبزی، ١١ ساڵ پێش لەسەر هەمان تۆمەت لەسێدارەدرا.

هەروەها محەممەد کازمی، خەڵکی شاری کەرەج بووە و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە لە ڕاگەیاندنەکانی حکوومەت و بەتایبەتی ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی بڵاو نەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە