جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دووەمین بەندکراو لە بەندیخانەی سنە

سزای سێدارەی جەمشید کەریمی، لاوی دانیشتووی شاری سنە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، پێنجشەممە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا. ئەمە دووەمین بەندکراوی کورد

٢٨ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٠:٤٥


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی جەمشید کەریمی، لاوی دانیشتووی شاری سنە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، پێنجشەممە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا. ئەمە دووەمین بەندکراوی کورد بوو کە ئەمڕۆ لەو بەندیخانەیە لەسێدارە درا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٨ی مەیی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی جەمشید کەریمی، لاوی خەڵکی شاری دێولان و دانیشتووی شاری سنە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.

جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە لە کاتێکدا بووە کە کاتژمێر ٦:٣٠خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ، واتە کاتژمێرێک بەر لە جێبەجێکردنی ئەو سزایە، بنەماڵەی کەسە کوژراوە لە بەرانبەر وەرگرتنی بڕی ٤ ملیار تمەن لەو بەندکراوە خۆش بوون و ناوبراویش بۆ بەندەکەی خۆی گەڕێندراوەتەوە.

هاوکات کاتژمێر ٦: ٣٠ خولەکی سەرەلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٨ی بانەمەڕی (١٨ی مەی)، سزای سێدارەی مستەفا ساڵحی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دزڵی"ی سەر شاری سەوڵاوا کە ناوبراویش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا و هەنگاو هەر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەواڵی لەسێدارەدنی ناوبراوی بڵاو کردەوە.

ئەو دوو بەندکراوە ڕۆژی شەممە، ٢٣ی بانەمەڕ (١٣ی مەی)، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان گواستراونەتەوە. هەنگاو پێشتر لەسەر ئەگەری جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو دوو هاووڵاتییە ئاگاداری بڵاو کردەوە و نیگەرانیی خۆی ڕاگەیاند.


شایانی باسە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت ڕاگەیاندنی فەرمیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو نەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە