سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە سنە جێبەجێ کرا

سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی سەعید ئەرجوومەندی و کیومەرس مینبەری کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپابوو،

٢٤ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ٠٩:١٠


هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣


سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی سەعید ئەرجوومەندی و کیومەرس مینبەری کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەیان بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.


بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣) ١٤ی مەیی ٢٠٢٢٣ (، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی سەعید ئەرجوومەندی خەڵکی خوڕەمئاوا و دانیشتووی سنە و هەروەها کیومەرس مینبەری خەڵکی کامێران لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێکرا.


ئەم دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیانی بەسەردا سەپابوو. ڕۆژی پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو ئەم دوو بەندکراوە بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترانەوە و هەنگاو بە نیسبەت جێبەجێکردنی سزاکەیان هۆشداری دابوو.


شیاوی ئاماژە پێدانە کە بنەماڵەی یەکێک لە کوژراوەکان بە مەبەستی لێخۆشبوون لە سەعید ئەرجوومەندی داوای بڕی ٦ ملیار تمەن پارەی کردبوو، بەڵام بنەماڵەی ئەرجوومەندی تەنیا توانیبوویان ٣ ملیار دابین بکەن. سەرەڕای ئەوەی شەوی ڕابردوو خەڵک و چالاکانی مەدەنی لەپێش ماڵی بنەماڵەی کوژراوەکە کۆبوونەوە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای سەپێندراو بە سەر سەعید جێبەجێ کرا.


هەواڵی لەسێدارە دانی ئەم دوو بەندکراوە هەتا ئێستا لە میدیا حکوومەتییەکان و بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی گواستنەوەی دوو بەندکراوی دیکەی بە ناوەکانی مستەفا ساڵحی و جەمشید کەریمی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواستبووە کە ئەگەری زۆر ڕۆژی چوارشەممە سزاکەیان جێبەجێ بکرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە