لەسێدارەدراوانی قزڵحیسار بوون بە چوار کەس بەندکراوانی دیکە مانیان گرتووە

بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی شەهرام شەرقی، ژمارەی لەسێدارەدراوانی ئەمڕۆ شەممە، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بوون بە چوار کەس.

٣٠ بانەمەڕ ٢٧٢٣، ١٦:١٨


هەنگاو: شەممە، ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٣

بە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی شەهرام شەرقی، ژمارەی لەسێدارەدراوانی ئەمڕۆ شەممە، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بوون بە چوار کەس. بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ هاوکات بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە بەکۆمەڵ بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ٣٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٣ (١٠ی مەیی ٢٠٢٣) سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی شەهرام شەرقی، بە تۆمەتی پەیوەندیدارە بە بازرگانیکردنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. هاوکاتیش تێکڕای بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی بەکۆمەڵ مانیان لە خواردن گرت.


لەم پەیوەندییەدا سەرچاوەیەکی ئاگادار بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر لەسێدارەدانی ئەو چوار بەندکراوە، تێکچوونی هێڵەکانی تەلەفوونی بەندیخانە و لیدان و بێڕێزی بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوانەی کە سزای سێدارەیان هەبووە، مانیان لە خواردن گرتووە.


ڕۆژی هەینی، ٢٩ی بانەمەڕ (١٩ی مەی)، پاش ئەوەی کە هەنگاو هەواڵی گواستنەوەی ئەو چوار بەندکراوەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیسار بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بڵاو کردەوە، بنەماڵەی ئەو بەندکراوانە و ژمارەیەک هاووڵاتییەکی دیکە لە پێش دەرکی ئەو بەندیخانەیە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە هێرش کراوەتە سەریان و بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لەو خەڵکە ناڕازییە کردووە.


شایانی باسە کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەسی ناڕازی کە کۆمەڵێکیان ژن بوون، لە پێش دەرکی بەندیخانەی قزلحەساری کەرەج بە چەکی ساچمەیی سەر، دەموچاو، دەستێک و لاقێکیان بریندار بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە