گواستنەوەی بەندکراوێکی بەساڵاچوو بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە

بەندکراوێکی بەساڵاچوو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بە ناوی عەبدولڕەحمان موزەفەری و خەڵکی شاری دێولان، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" سزای سێ

٦ جۆزەردان ٢٧٢٣، ٢٢:٤٨


هەنگاو: شەممە ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

بەندکراوێکی بەساڵاچوو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بە ناوی عەبدولڕەحمان موزەفەری و خەڵکی شاری دێولان، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: ڕۆژی شەممە، ٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢٧ی مەیی ٢٠٢٣)، بەندکراوێکی بەساڵاچوو بە ناوی عەبدولڕەحمان موزەفەری و خەڵکی شاری دێولانی سەر بە پارێزگای سنە، کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، لە بەندی گشتیی بەندیخانەی ناوەندیی سنە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گواستراوەتەوە.

ئەو بەندکراوە، ماوەی ١٦ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، بڕیارە سزای سێدارەی ناوبراو بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٧ی جۆزەردان لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ بکرێت.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی بانەمەڕی ٢٧٢٣دا، لانی کەم شەش بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەسێدارە دراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە