ڕاپۆرتی ئاماری: جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ١٤٢ بەندکراو لە مانگی مەیی ٢٠٢٣ لە ئێراندا

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ١٤٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراون و بە شێوەی ناوەندی هەر دوو ڕۆژ ٩ بەندکراو لەسێدارە

١١ جۆزەردان ٢٧٢٣، ١٢:٥٥


هەنگاو: پێنجشەممە، ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ١٤٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراون و بە شێوەی ناوەندی هەر دوو ڕۆژ ٩ بەندکراو لەسێدارە دراون. ڕێژەی لەسێدارەدراوانی ئەم یەک مانگە زۆرترین ئاماری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تۆمار کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی مەیی ٢٠٢٣دا لانی کەم ١٤٢ بەندکراو لە بەندیخانە جیاجیاکانی ئێراندا لەسێدارە دراون کە ٣٧٪ی کۆی ئەو ئامارەش بەندکراوانی بەلووچ و کورد بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٣١ بەندکراوی بەلووچ، ٢٢ بەندکراوی کورد، ٩ بەندکراوی تورک و ٦ هاووڵاتیی وڵاتی ئەفغانستانیش لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون و لەو ڕێژەیەش هێشتا ناسنامەی ٣٧ بەندکراویان بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.

لە کۆی گشتیی ئەو ١٤٢ بەندکراوە کە لەسێدارە دراون، ٦ بەندکراو بە تۆمەتی سیاسی و باوەڕی ئایینی، ٨٣ بەندکراو بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، ٤٧ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، ٤ بەندکراو بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و ٢ بەندکراویش بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و" افساد فی‌الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و لەسێدارە دراون.

شایانی باسە کە لە ماوەی ئەم مانگەدا سزای سێدارەی ژنێک لە بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد و هەروەها سزای سێدارەی پیاوێک لە شوێنێکی گشتیی شاری مەراغە و لە پێش چاوی خەڵکەوە جێبەجێ کران.

زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدراوان لە بەندیخانەی کرمان تۆمار کراوە کە ١٦ کەسە و هەروەها لە بەندیخانەکانی قەزڵحیسار ١٤ کەس، ڕەجاییشار ١٤ کەس، ئیسفەهان ١١ کەس، بەندەرعەباس ١٠ کەس، ڕەشت ٩ کەس، خورام‌ئاوا ٨ کەس و سنە ٦ کەس تۆمار کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە