لەسێدارەدانی لانی کەم ٥٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٣

لەسێدارەدانی لانی کەم ٥٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٣

22:06 - 1 July 2023


هەنگاو: شەممە، ١٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٥٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسێدارە دراون. مانگی پێشووتریش ١٤٢ بەندکراو لەسێدارە دراون و ئاماری لەسێدارەدراوانی مانگی ژوئەن بەراورد لەگەڵ مانگی مەی، ٩٠ حاڵەت واتە ٦٣٪ کەمی کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی ژوئەنی ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٥١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون، هەروەها بەندکراوێک لە بەندەری دەیلەم و لە شوێنێکی گشتیدا لە سێدارە دراوە.

لە کۆی گشتیی ئەو بەندکراوانەی کە لەسێدارە دراون، ١٤ کەسیان واتە ٢٧٪ی کۆی گشتی لەسێدارەدراوان بەندکراوی بەلووچ بوون، هەروەها لانی کەم ٥ کەسیان واتە ١٠٪ لەسێدارەدراوان بەندکراوی کورد بوون کە کەسێکیان بە ناوی هێمن مستەفایی بەندکراوێکی سیاسی بووە و لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زۆرترین ئاماری لەسێدارەدراوان بەگوێرەی شوێنی جێبەجێکردنی سزاکەیان بەم شێوەیە؛
بەندیخانەی ناوەندیی کرمان: ٧ کەس.
بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج: ٥ کەس.
بەندیخانەی عادڵاوای شیراز: ٥ کەس.
بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان: ٤ کەس.
بەندیخانەی کەهنوج: ٣ کەس.


جیابوونەوەی سزاکان بەگوێرەی تۆمەتەکان بەم شێوەیە؛
بەندکراوانی سیاسی: ١ کەس.
بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست: ١٧ کەس.
بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٣٣ کەس.
بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی: ١ کەس.