سزای یەک ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی پارە بەسەر نازیلا مەعرووفیان سەپێندرا

نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی بڕە پارەی ١٥ ملیۆنی ت

١٤ خەرمانان ٢٧٢٣، ٠٩:٥١


هەنگاو: سێشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣

نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سەقز لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای یەک ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی بڕە پارەی ١٥ ملیۆنی تمەن بەسەردا سەپێندرا. ئەم ڕۆژنامەنووسە لە سەرەتای دەستپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە چوار جار دەستبەسەرکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، نازیلا مەعرووفیان دوای گواسترانەوەی بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین، ناسراو بە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە، بەسەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزام" و "پێکهێنانی کۆبوونەوە و ئاژاوەگێڕی" سزای یەک ساڵ بەندکردن پێبژاردنی بڕە پارەی ١٥ ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا.

ئەم ڕۆژنامەنووسە بۆ چوارەمین جار لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە ڕێکەوتی چوارشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٣ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەرکرا. ناوبراو ڕاستەوخۆ دوای دەستبەسەرکرانی بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە بارودۆخی خۆی و گوشاری بەردەوامی ناوەندە حکوومەتییەکان مانی لە خواردن گرت.

نازیلا مەعرووفیان دوای یەک ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی بەهۆی ئەشکەنجەی توند لە بەندیخانەی ئێڤینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و پاش چەند کاتژمێرێک بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.

پێشتر لە ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، نازیلا مەعرووفیان دوای بڵاوکردنەوەی وێنەیەک بەبێ حیجابی زۆرەملێ بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی قەرچک ورامین گواستراوە. ناوبراو لە چوارشەممەی ٢٥ی گەلاوێژ ئازادکرا.

ئەم ڕۆژنامەنووسە بۆ جاری دووەم لە ڕۆژی ١٧ی پووشپەڕی ئەم ساڵ، دوای بانگکرانی بۆ دادسەرای ئێڤین دەستبەسەرکرا. ناوبراو دوای دەستبەسەرکرانی بۆ دەستبەسەرگەی وەزاراتی ئیتلاعات لەم بەندیخانەیە گواسترایەوە. لەماوەی دەستبەسەرکرانیدا، نازیلا مەعرووفیان بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی جەستەیی و دەروونیی ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و لە ڕۆژی ٢٢ی گەلاوێژی ئەم ساڵ بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەیەکی کاتی ئازادکرا.

نازیلا مەعرووفیان بۆ یەکەم جار دوای بڵاوکردنەوەی وتووێژێک لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی لە ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ دەستبەسەرکرا. ناوبراو دوای ٢ مانگ و ١٢ ڕۆژ، لە ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و هەتا کاتی تەواوبوونی دادگاییکردنی ئازادکرا.

ئەم ڕۆژنامەنووسە لە ڕێبەندانی ٢٧٢٢، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەفشاری بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە لە دژی حکومەت" و "بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە بەمەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی" سزای ٢ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی بڕە پارەی ١٥ ملیۆن تمەن و ٥ ساڵ قەدەغەی جێهێشتنی وڵاتی بەسەردا سەپێندرا. سزای ٢ ساڵ بەندکرانی ناوبراو بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵسەپێندرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە