ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر تەقەکردنی بەئەنقەستی هێزە حکوومەتییەکان ڕوو بە هاووڵاتییانی شاری لومار

هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران لە شاری "لومار"ی ناوەندی شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام، بەئەنقەست تەقەیان لە دووکانی کاسبکاران و ماڵی هاووڵاتییا

٢٠ خەرمانان ٢٧٢٣، ١١:١٢


هەنگاو: دووشەممە، ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣

هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران لە شاری "لومار"ی ناوەندی شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام، بەئەنقەست تەقەیان لە دووکانی کاسبکاران و ماڵی هاووڵاتییان کردووە، لە ئاکامی ئەم دەستدرێژییەدا لانی کەم ٨ هاووڵاتی بریندار بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە. ئەم دەستدرێژییەی هێزە حکوومەتییەکان ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی یەکشەممە، ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران و بەسیجی کۆماری ئیسلامی، بە چەندین ماتۆڕی سواری و ئۆتۆمبێلی "پژۆ پارس"، لەنێو شاری لومار، ناوەندی شارستانی سیروانی سەر بە پارێزگای ئیلام بڵاوەیان پێ کراوە و بەئەنقەست لە شەقامەکانی ئەو شاری دەستدرێژییان کردووەتە سەر خەڵک و تەقەیان لە دووکانی کاسبکاران و ماڵی هاووڵاتییان کردووە کە بەهۆی ئەم دەستدرێژییە نامرۆڤانەوە ٨ کەس بریندار بوون.

دوای ئەم دەستدرێژییەی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران، خەڵکی شاری لومار هاتنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیانیان دەربڕی کە دواتر تێکهەوڵچوونی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە چەکدارە حکوومەتییەکانی لێ کەوتەوە.

شایەتحاڵانی ئەم پەلامارەی هێزەکانی سوپای پاسداران بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە: هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران بە چەکی "کڵاشینکۆف" و "یۆزی" و بە مەبەستی کوشتنی هاووڵاتییان تەقەیان لە خەڵک کردووە. پاش دەستدرێژی و تەقەکردنی هێزەکانی سوپای پاسدارانی لە هاووڵاتییان، هێزێکی ئینتزامیی حکوومەت گەیشتووەتە شوێنی تاوانەکە، پووکە و مەرمییەکانیان کۆ کردووەتەوە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.

شایانی باسە کە لەو کردەوە تاوانبارانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر خەڵکی مەدەنیی شاری لومار، جگە لە برینداربوونی لانی کەم ٨ هاووڵاتیی ئەو شارە، زیان و خەسارێکی ماڵیی زۆریان بە ئۆتۆمبێل، ماڵ و دووکانەکانی خەڵک گەیاندووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٠ی خەرمانان، هێزە چەکدارەکانی حکوومەت دۆخێکی میلیتاریزەیان بەسەر شاری لوماردا سەپاندووە و لە زۆربەی شوێن و بەتایبەت شوێنە گشتییەکانی ئەو شارە هێزە ئامادەیان جێگیر کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە