ناڕوونیی باری تەندروستیی ئارمیتا گەڕاوەند و گوشاری لەڕادەبەدەری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر بنەماڵەکەی

دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرت و وێنەی ئارمیتا گەڕاوەند، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی کرماشان لەلایەن هەنگاو کە سەرەتای ئەم حەفتەیە بەهۆی لێدانی هێزە ئەمن

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٢:٣٥


هەنگاو: چوارشەممە، ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرت و وێنەی ئارمیتا گەڕاوەند، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی کرماشان لەلایەن هەنگاو کە سەرەتای ئەم حەفتەیە بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مێترۆی تاران بێهۆش بوو و بۆ نەخۆشخانەی فەجر گواسترایەوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە مەبەستی پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە چارەنووسی ئەو مێرمنداڵە، بە چڕوپڕی چاودێریی بنەماڵەکەی دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو؛ دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ئارمیتا گەڕاوەند لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی "فەجر"ی تاران، بە مەبەستی پێشگرتن لە ئەگەر وێنەگرتن لە دۆخی ئەو مێرمنداڵە کوردە و بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵە پەیوەندیدارەکان بە چارەنووسی ئەو مێرمنداڵە کوردە، مۆبایلی هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان دیمانەیەکی تەلەفزیۆنییان لەگەڵ دایک و باوکی ئارمیتا گەڕاوەند بڵاو کردەوە. لەم دیمانەیەدا دایکی ئارمیتا دەڵێت: "نازانین، وتوویانە زەختی خوێنی دابەزیوە". لە دیمانەکەدا بەڕوونی دەردەکەوێت کە سەرەڕای گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان لەسەر دایک و باوکی ئارمیتا، هێشتا بەڕوونی نازانن هۆکاری دابەزینی پەستانی خوێنی منداڵەکەیان چی بووە.

شەوی ڕابردوو کەسێکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "ئەم دیمانەیە لە نەخۆشخانەی فەجر و لەژێر گوشار و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە ئەمنییەتییەکان تۆمار کراوە و ئەوانیش بەهۆی گوشاری ئەو هێزانەوە ناچار بوون ئەم دیمانەیە بکەن".

شەوی ڕابردوو، هەنگاو یەکەم جار و وەک یەکەم سەرچاوە وێنەی "ئەرمیتا گەڕاوەند"ی لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی فەجری تاران بڵاو کردەوە. ئەو سەرچاوەیە کە ئەو وێنەبەڵگەیەی بۆ هەنگاو هەنارد ڕایگەیاندووە، باری تەندروستیی ئارمیتا هیچ باش نەبووە و تاکوو ئێستاش هێشتا بێهۆشە.

هەر لەو کاتەی کە ئارمیتا گەیەندرایە نەخۆشخانەی فەجر، هەموو چواردەوری نەخۆشخانەکە و بەتایبەتی بەشی چاودێریی تایبەتی ئەم نەخۆشخانەیە لەژێر کۆنترۆڵی چڕوپڕی هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەموو کاروباری نەخۆشخانەکەیان بەتەواوەتی کۆنترۆڵ کردووە.

هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووتریدا لەسەر ئەو هاووڵاتییە ڕایگەیاندووە؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، هێزە حکوومەتییەکان لە مێترۆی "شوهەدا"ی تاران، بە بیانووی ئەوەی کە پێی دەوترێت ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، هێرشیان کردووەتە سەر ئارمیتە گەڕاوەند، تەمەن ١٦ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی حکوومەت بەشێوەیەکی دڕندانە و توندوتیژانە ئەم کچە تەمەن ١٦ ساڵەیان داوەتە بەر لێدان کە لە ئەنجامی بەرکەوتنی زەربەی توند، ناوبراو لەهۆش خۆی چووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و شاردنەوە و ئاشکرانەکردنی ڕاستییەکان و هەروەها نەبوونی هیچ متمانەیەک بە ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بۆ ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکان لەسەر دۆخی ئارمیتا گەڕاوەند، داوا دەکات تیمێکی پزیشکیی سەربەخۆی پێکهاتوو لە پزیشکانی بێسنوور و کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (نووسینگەی خاچی سوور لە تاران) بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی ئێران، لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بکەن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە