سەقز؛ داواکردنی بارمتەی دوو ملیار و چوارسەد ملیۆن تمەنی بۆ ئازادی کاتیی شێرکۆ حیجازی
دوای گواستنەوەی شێرکۆ حیجازی بۆ بەندیخانەی سەقز، دەزگای دادوەری لەژێر زەخت و گوشاری وەزارەتی ئیتلاعات بۆ ئازادیی کاتی ناوبراو داوای بارمتە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣
دوای گواستنەوەی شێرکۆ حیجازی بۆ بەندیخانەی سەقز، دەزگای دادوەری لەژێر زەخت و گوشاری وەزارەتی ئیتلاعات بۆ ئازادیی کاتی ناوبراو داوای بارمتەی دوو ملیار و چوارسەد ملیۆن تمەنیان کردووە.
بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە دوای تێپەڕبوونی سێ مانگ و سێ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز کە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە گوازرابوویەوە، بارمتەی دوو ملیار و چوارسەد ملیۆن تمەنی بۆ ئازادی کاتی ناوبراو داواکراوە.
هەنگاو، زانیویەتی شێرکۆ حیجازی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز بۆ بەندیخانەی ناوەندی سەقز گوازراوتە و تا ئێستاش لەمافی دەستپێزراگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
شێرکۆ حیجازی، لە ماوەی ڕاگیرانی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە، بەمەبەستی دانپێدادان لە ژێر ئەشکەنجە و گوشاردا بووە.
شێرکۆ حیجازی، نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣، هاوکات لەگەڵ توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان لە شەقامی شوهەدای شاری سەقز و لە نزیکی شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا و دوای چەند ڕۆژ لە ئیتلاعاتی سەقزەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی شاری سەقز گوازرایەوە.