جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی سەبزەوار

سزای سێدارەی لانی کەم سێ بەندکراو کە دوو کەسیان بەندکراوی کوردن و پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی ئەنقەست

١٦ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٩:١٤

 

هەنگاو؛ شەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣

سزای سێدارەی لانی کەم سێ بەندکراو کە دوو کەسیان بەندکراوی کوردن و پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی سەبزەوار سەر بە پارێزگای خوراسان ڕەزەوی جێبەجێ کرا.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٤ی جەنیوەری ٢٠٢٤) سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی هاشم زورئابادی تەمەن ٤٢ ساڵ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری جوین و ئەمیر ئەحمەدزادە خەڵکی سەبزەوار بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر لە بەندیخانەی ناوەندی سەبزەوار جێبەجێ کرا.

هاوکات سزای سێدارەی مەهدی کەیوانلوو، تەمەن ٤٥ ساڵ و هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەبزەوار پێشتر بەتۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، جێبەجێ کرا.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم ڕاپۆرتە هەواڵە لە سێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە لە میدیاکانی حکومەتی ئێران بە تایبەت میدیای سەر بە دەزگای دادوەری بڵاو نەبووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە