ئیلام؛ هەشت کەس لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی سەرجەم سزای ٦٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا

ناسر ڕەزایی، وەحید چاوەران، محەممەد حەسەن حاسڵی، عەزیم یادگاری، سەعدوڵڵا ئایینی، حوسێن باپیروەند، فەرشاد ئایینی و دکتۆر بەختیار محە

١٩ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٦:٢٨

 

هەنگاو؛ سێشەممە ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣

ناسر ڕەزایی، وەحید چاوەران، محەممەد حەسەن حاسڵی، عەزیم یادگاری، سەعدوڵڵا ئایینی، حوسێن باپیروەند، فەرشاد ئایینی و دکتۆر بەختیار محەممەدزادە، هەشت هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی ئاودانان، دێلوڕان و دەڕەشار لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سەرجەم سزای ٦٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. هەروەها سێ کەسیان وێڕای سزای بەندکران سزای دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەکانی زاهیدان، مەشهەد و کرمان بەسەریاندا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٨ی جەنیوەری ٢٠٢٤) ،سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی ناسر ڕەزایی، وەحید چاوەران و محەممەد حەسەن حاسڵی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەستبەسەرکرابوون، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئیلام، هەرکام سزای ١٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. بەپێی سزاکەیان ئەو سێ کەسە بۆ بەندیخانەکانی کرمان، زاهیدان و مەشهەد دوور دەخرێنەوە.

هەروەها عەزیم یادگاری و سەعدوڵڵا ئایینی، دوو هاووڵاتی خەڵکی دێلوڕان هەرکام سزای ١٠ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. حوسێن باپیروەند و فەرشاد ئایینیش دوو هاووڵاتی دیکەی خەڵکی دێلوڕان و دکتۆر بەختیار محەممەدزادە خەڵکی دەڕەشار هەرکامیان سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

شایەنی باسە کە ئەو هەشت هاووڵاتییە بێجگە لە وەحید چاوەران کە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە کاتی ڕۆیشتنە دەرەوە لە ئێران دەستبەسەرکرابوو، ساڵی پێشوو و هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەرکرابوون و لە دەورەی دەستبەسەربوونیان لە چەند کاتدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە ناڕوونی چارەنووسیان، مانیان لە خواردن گرتبوو.

وەحید چاوەران، ناسر ڕەزایی و محەممەد حەسەن حاسڵی، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان، ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگیراون باقییان بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازادکراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە