کامێران؛ دەستبەسەرکرانی جەمال ڕۆستەمی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۴ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
جەمال ڕۆستەمی، هاووڵاتیی تەمەن ۵۷ ساڵی کورد و لە ئەندامانی دامەزراوەی خێرخوازیی گوندی شایەنی، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر باخی بنەماڵەییەکەی لە ئاوایی شایەنی سەر بە کامێران، دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی سێشەممە ۱۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۴ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڵکوتانە سەر باخی بنەماڵەییی جەمال ڕۆستەمی لە ئاوایی شاینیی کامێران، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
بە دەستبەسەرکرانی جەمال ڕۆستەمی، ژمارەی ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر و چالاکانی ئەم دامەزراوە خێرخوازییە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون گەیشتە لانیکەم ۳ کەس.
لە هەمان پەیوەندیدا ئیسماعیل خاتری، خەڵکی ئاوایی شایەنی و دانیشتووی پاوە، ڕۆژی هەینی ۲ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۲۴ی جولایی ۲۰۲۶) لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی دایکی لە ئاوایی شاینی دەستبەسەر کرا.
هەروەها فوئاد شادی، ڕۆژی شەممە ۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۲۵ی جولایی ۲۰۲۶) بەبێ پێشاندانی هیچ جۆرە بەڵگە یان بڕیارێکی دادوەری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە لە ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان لە کامێران و سنە، تا ئێستا هیچ وەڵامێک سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنیان نەدراوەتەوە.