بۆکان؛ ناڕوونی چارەنووسی ئارام سەبزی سەرەڕای نەخۆشبوونی ناوبراو

لە حاڵێکدا کە ماوەی نزیک لە سێ حەفتە لە دەستبەسەرکرانی ئارام سەبزی، هاووڵاتی کوردی خەڵکی بۆکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تێدەپەڕێت و سەرەڕای نەخۆ

١٦ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٢٠:٣٩

 

هەنگاو؛ دووشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

لە حاڵێکدا کە ماوەی نزیک لە سێ حەفتە لە دەستبەسەرکرانی ئارام سەبزی، هاووڵاتی کوردی خەڵکی بۆکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تێدەپەڕێت و سەرەڕای نەخۆشیی دەروونی ئەو هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئارام سەبزی گەنجی تەمەن ٣٠ ساڵی خەڵکی بۆکان و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەوبارەیەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ناوەندە ئەمنییەکان لە وەڵامی بەدواداچوونی بنەماڵەی سەبزی تەنیا بەوانیان گوتووە کە کوڕەکەتان لە بۆکان نییە.

ناڕوونی چارەنووسی ئەو لاوە لە حاڵێکدایە کە بەوتەی کەسە نزیکەکان لە بنەماڵەی سەبزی، ناوبراو نەخۆشیی دەروونی هەیە و دەستی ڕاستی لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا شکاوە و بە سەختی برینداربووە. ناوبراو تەنانەت لە خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بە کەڵکوەرگرتن لە کارتی سووری سەربازی بەخشراوە.

ئارام سەبزی ئێوارەی چوارشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٧ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆسەر ماڵەکەیان دەستبەسەرکرا و کەرەستە تایبەتییەکانی وەکوو مۆبایل و کۆمپیوتەرەکەی لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە