برینداربوونی دوو کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود و بانە

هەنگاو: دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بانە و سەوڵاوا لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییەکانی بانە و شارۆچکەی نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.

٢٤ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ٠٩:٢٩

 

هەنگاو: دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی بانە و سەوڵاوا لە کاتی کۆڵبەری لە بەرزاییەکانی بانە و شارۆچکەی نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (١٣ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی محەممەد مەولوودی لە سنووری «هەنگەژاڵ» ی بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار کرا.

محەممەد مەولوودی کە تەمەنی ٢١ ساڵ و سەڵتە، گوللە بەر پشتی کەوتووە و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی بانە گوازراوەتەوە و باری تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

لە لایەکی دیکەوە، کاتژمێر ١ی بەرەبەیانی سێشەممە ٢٣ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێک بە ناوی فەریاد ئەداک تەمەن ٣٠ ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەریاد ئەداک لە مەودایەکی نزیک و بە تاپڕ تەقەی لێکراوە و نزیکەی ٦٠ پارچە ساچمە بەر جەستەی کەوتووە.

فەریاد ئەداک سەڵت و خەڵکی گوندی «ژیوار» سەر بە شاری سەوڵاوایە و دوای بریندار کران بۆ بنکەیەکی تەندروستی شاری پاوە گوازراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە