برینداربوونی دوو کۆڵبەری خەڵکی پیرانشار بە تەقەی هێزەکانی ئێران + ئامار

هەنگاو: دوو کۆڵبەری خەڵکی پیرانشار بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران و بەمەش لەماوەی ١٠ مانگدا ٣١ کۆڵبەری خەڵکی ئەو شارە بوونەتە قوربانی.

٢٤ ڕەزبەر ٢٧١٨، ٢٢:٢٧

 

هەنگاو: دوو کۆڵبەری خەڵکی پیرانشار بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران و بەمەش لەماوەی ١٠ مانگدا ٣١ کۆڵبەری خەڵکی ئەو شارە بوونەتە قوربانی.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (٢٤ی ڕەزبەری ٢٧١٨ / ١٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کوێستانی برایم شیلانی پیرانشار تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و لەئاکامدا دوو کۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون.

هەواڵنێری هەنگاو لە پیرانشار ناسنامەی ئەو دوو کۆلبەرەی ”موسلح کەسرەوی“ کوڕی سەید موراد و ”جابر برشان“ خەڵکی گوندی نەمنجێ ڕاگەیاندووە.

ئەو دوو کۆڵبەرەبە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری مەهاباد کراون و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەگەری ئەوە هەیە موسلح تووشی خواربوونی بڕبڕەی پشت بووبێت.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا (لەسەرەتای ٢٠١٨) ، ٧ کۆڵبەری خەلکی پیرانشار کوژراون و ٢٤ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە