بنەماڵەی مێهرداد تالشی راگەیەندراوی هێزی ئینتزامییان سەبارەت بە مەرگی ناوبراو بە هۆی جەڵتەی دڵ بە درۆ خستەوە

هەنگاو: پاش دەرکردنی راگەیەندراوی هێزی ئینتزامی سەبارەت بەوەیکە مەرگی مێهرداد تالشی، بە هۆی جەڵتەی دڵەوە بووە، بنەماڵەی تاڵشی لە پێوەندییە

٢٤ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١١:٢٤

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: پاش دەرکردنی راگەیەندراوی هێزی ئینتزامی سەبارەت بەوەیکە مەرگی مێهرداد تالشی، بە هۆی جەڵتەی دڵەوە بووە، بنەماڵەی تاڵشی لە پێوەندییەک لە گەڵ هەنگاو هەموو ئەو راگەیەندراوەی هێزی ئینتزامییان بە درۆ خستۆتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێک کە هێزی ئینتزامی رۆژی هەینی ٢٤ی رێبەندانی ٢٧٢٠( ١٢ی فێورییەی ٢٠٢١) لە رێگای راگەیەنە حکوومەتییەکانەوە بڵاوی کردۆتەوە، هۆکاری گیان لە دەستدانی مێهرداد تالشی بە هۆی جەڵتەی دڵ ڕاگەیەندراوە و هاتووە کە دەستبەسەرگەکانی هێزی ئینتزامی کامێرای چاودێرییان هەیە.

لەم بارەوە کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی تاڵشی کە بە هۆکاری ئەمنییەتی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، وێڕای رەتکردنەوەی ئەو راگەیەندراوە، بە هەنگاوی راگەیاند کە: “ئەمڕۆ کەسوکاری مێهرداد چوونەتە دەستبەسەرگەی شاپوور و پێیان راگەیاندوون کە ئەگەر کامێرای چاودێرییان هەیە با بیبینن. بەڵام ئەوان وتوویانە کە تەنیا ئەتوانن فیلمی بەشی نیگابانییان پیشان بدەن و فیلمی نێو دەستبەسەرگە تەنانەت بە بڕیاری دادوەریش پیشانی کەس نادرێت.”

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی هیزی ئینتزامیدا هاتووە کە مێهرداد تالشی بە هۆی ئەوەیکە مادەی هۆشبەری پێ بووە، لە لایەن ‌هێزی ئینتزامییەوە دەستبەسەر کراوە و لە دەستبەسەرگە تووشی وەستانی دڵ بووە و پاش گواستنەوە بە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتیشی کە مێهرداد هیچکات لە ژیانیدا جگەرە و قلیانی نەکێشاوە و لە باری ئابووریشەوە دۆخی هێندە باش بووە کە قەد پێویستی بە کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەر نەبووە.

لە لایەکی دیکە هەروا کە پێشتر لە راپۆرتەکانی هەنگاودا هاتووە، رۆژی چوارشەممەی حەوتووی رابردوو بەرپرسانی نەخۆشخانەی بەهارلوو وتبوویان بە بنەماڵەی تالشی کە تەرمی رۆڵەکەیان لە ئیدارەی ئاگاهییەوە هێنراوە بۆ نەخۆشخانە و هیچ زانیارییەکەیان سەبارەت بە هۆکاری مەرگی کوڕەکەیان نیە. سەرەڕای ئەوە ئێستا هێزی ئینتزامی دەڵێت کە پاش گواستنەوەی مێهرداد بۆ نەخۆشخانە، ناوبراو گیانی لە دەست داوە کە بە تەواوی دژی قسەکانی بەرپرسانی نەخۆشخانەی بەهارلووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو رایانگەیاندووە کە ئەمڕۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی تالشی کردووە کە نابێ لە گەڵ هیچ راگەیاندنێک وتووێژ بکەن وەگەرنە ئەبێ چاوەڕێی دەرەنجامەکەی بن.

مێهرداد تالشی، تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە، کاتژمێر ٥ی دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، ١٣ی رێبەندانی ٢٧٢٠( ١ی فێورییەی ٢٠٢١) لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی تارانەوە لە مێترۆی ئەو شارە دەستبەسەر و بۆ کەڵانتەریی ١١٥ و لەوێشەوە بۆ ئیدارەی ئاگاهیی شاپوور بەڕێ کرابوو کە لەوێدا لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا. بنەماڵەی مێهرداد ئاسەواری کوتان و لێدان و شین بوونەوە بە سەر و ملی ناوبراویان پشتڕاست کردەوە.

شایانی باسە کە کەسێکی دیکەش لە گەڵ مێهرداد تالشی دەستبەسەر کراوە کە بە وتەی بنەماڵەی تالشی لە کەیسەکەدا نووسراوە کە ئەو کەسە ٧ گرەم ماری جوانای پێ بووە و ئیدارەی ئاگاهیی بە ئەنقەست ناوەکەیان سڕیوەتەوە و رێگەیان نەداوە بنەماڵەی تاڵشی شوناسی ئەو کەسە بزانن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە