هاووڵاتییەکی کورد لە تاران پاش دەستبەسەرکران لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا

هەنگاو: لاوێکی خەڵکی دیواندەرە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا.

٢٠ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ٢١:٥٣

 

پشتیوانی لە هەنگاو

هەنگاو: لاوێکی خەڵکی دیواندەرە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا.

بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٥ی ئێوارەی رۆژی دووشەممە ١٣ی رێبەندانی ٢٧٢٠ ( ١ی فێوریەی ٢٠٢١) هێزە ئەمنییەتییەکانی تاران لە مێترۆی ئەو شارە هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی " مێهرداد تاڵشی" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە لە گەڵ کەسێکی دیکەدا دەستبەسەر و بۆ کەڵانتەریی ١١٥ گواستەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مێهرداد تاڵشی، کاتژمێر ١٠ ی شەوی ئەو رۆژە ناوبراویان گواستۆتەوە بۆ ئیدارەی ئاگاهی شاپوور و هەر لەوێدا لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست داوە بە شێوەیەک کە ئاسەواری کوتان و لێدان بە سەر و ملیەوە بە روونی بینراوە.

سەرچاوەکە هەروەها وتیشی مێهرداد بە گومانی ئەویکە ماددەی هۆشبەری پێ بووە، لە گەڵ کەسێکی دیکەدا دەستبەسەر کراوە. تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوناس و چارەنووسی ئەو کەسەی دیکە لە بەر دەستدا نیە و تەنانەت لەو کەیسەدا ناوی کەسی دووهەم سڕاوەتەوە. دەستبەسەرکردنی مێهرداد بە تۆمەتی گۆمانلێکردن بە هەڵگرتنی مادەی هۆشبەر لە حاڵێکدایە کە بە وتەی بنەماڵەکەی، ناوبراو هیچ چەشنە پێشینەی سزادان و تەنانەت بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر نەبووە و وەرزشکار بووە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنییەتی نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ لە درێژەدا وتی: کاتژمێر هەشت و نیوی رۆژی چوارشەممە ١٥ی رێبەندان، لە نەخۆشخانەی بەهارلووە پێوەندییان بە خوسرەو تاڵشی، باوکی مێهرداد کردووە کە رۆڵەکەیان لەوێدایە و پاش چوون بۆ نەخۆشخانەکە بەرەورووی تەرمی رۆڵەکەی بۆتەوە کە ئامادەش نەبووە وەری بگرێتەوە. بەرپرسانی نەخۆشخانە لە وڵامی پرسیاری باوکی مێهرداددا سەبارەت بە مەرگی رۆڵەکەی، وتوویانە کە ئەوان لەم بارەوە هیچ زانیارییەکیان نیە و ئیدارەی ئاگاهی تەرمەکەیان ڕادەستی نەخۆشخانە کردووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو رایانگەیاندووە کە تەرمی مێهرداد تالشی پاش پشکنینی پزیشکی دراوەتەوە بە بنەماڵەکەی و رۆژی یەکشەممە ١٩ ی رێبەندان ( ٧ی فێورییە) لە ژێر چاودیریی توندی ئەمنییەتی لە سنە بە خاک سپێردرا و لە رێوڕەسمی سەرخۆشییەکەشی لە دیواندەرەوە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە تەواوی جووڵەی خەڵکیان کۆنترۆڵ کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە