بەندکراوێکی تووشبووی کرۆنا دەنێردێتە مرەخەسی، باقی بەندکراوەکان لەو مافە بێبەشن

هەنگاو: بەندکراوێکی مەزهەبی بەندکراو لە بەندیخانەی ئورمیە کە وڵامی تووشبوون بە پەتای کرۆنای ئەرێنی بووە، بڕیارە بە دانانی بارمتە ڕەوانەی ماڵەوە برکێتەوە.

١٣ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٤:٠١

 

هەنگاو: بەندکراوێکی مەزهەبی بەندکراو لە بەندیخانەی ئورمیە کە وڵامی تووشبوون بە پەتای کرۆنای ئەرێنی بووە، بڕیارە بە دانانی بارمتە ڕەوانەی ماڵەوە برکێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٣ی مارسی ٢٠٢٠)، محەمەد قەنبەردووست، بەندکراوی مەزهەبی خەڵکی پیرانشار دوای ئەوەی ئاکامی تاقیکردنەوەی تووشبوونی بە پەتای کرۆنا ئەرێنی بووە، داوا لە بنەماڵەکەی کراوە کە بڕی ٢٠٠ میلیۆن تمەن بارمتە دابنێن و بیبەنەوە بۆ مای خۆیان.

محەمەد قەنبەردووست مانگی جۆزەردانی ٢٧١٨ لەلایەن هیزە ئەمنییەکان دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان حوکمی پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و لەوکاتەوە لەمافی مرەخەسی بیبەش بووە.

ئەو بەندکراوە مەزهەبییە ڕۆژی ڕابردوو دوای تێکچوونی باری تەندروستی بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی ئورمیە گوازرابوویەوە.

ناردنی محەمەد قەنبەردووست لە جیاتی قەرینە کردن بۆ مرەخسی لەحاڵێکدایە کە، بەرپرسانی بەندیخانە ئیزن نادەن باقی بەندکراوەکانی دیکە کە گیانیان لە مەترسیدایە بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد بکرێن و ئەمەش نیگەرانی لای بەندکراوەکان و بنەماڵەکانیان دروست کردووە.

شەوی ڕابردوو بەندکراوانی ڕاگیراو لە بەندی سیاسی و مەزهەبی بەندیخانەی ئورمیە لە ڕێگای هەنگاو بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و داوایان کردبوو کە فەرمانی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران کە داوای کردبوو ئەو بەندکراوانەی حوکمەکانیان ژێر ٥ ساڵە بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە، جێبەجێ بکرێت.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا،  ٦ بەنداکراوی تووشبوو بە پەتای کرۆنا لە بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی ئەو شارە گوازراونەتەوە کە یەکێکیان بە ناوی ”فەریق محەمەدی“ گیانی لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە