بەندکراوێکی خەڵکی سلێمانی لە بەندیخانەیەکی ئێران مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی شاری سلێمانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی بەرپرسانی دەزگای دادوەریی ئێران و نەگەڕاندنەوەی بۆ

٦ ڕەشەمە ٢٧١٨، ١٥:٣٤

 

هەنگاو: بەندکراوێکی خەڵکی شاری سلێمانی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جێبەجێ نەکردنی بەڵێنەکانی بەرپرسانی دەزگای دادوەریی ئێران و نەگەڕاندنەوەی بۆ وکردستان ، مانی لە خواردن گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نەجەف عەبدورەحمان ناسراو بە (مەریوان کەرکووکی) کە زیاتر لە ٦ ساڵە لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە، لە ڕۆژی شەممە (٤ی ڕەشەممەی ٢٠١٨/ ٢٣ی فیوریەی ٢٠١٩) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە جێبەجێ نەبوونی بەڵێنەکانی دەزگای دادوەریی ئێران بە مەبەستی گەڕاندنەوەی بۆ هەرێمی کوردستان، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەجەوە، مەریوان کەرکووکی ڕایگەیاندووە کە هەتا جێبەجێ نەکردنی داواکەی و گەڕاندنەوەی بۆ هەرێمی کوردستان، درێژە بە مانگرتنەکەی دەدات.

مەریوان کەرکووکی کە باوکی لە ئەنفال لە دەست داوە و دایکیشی لە ژیاندا نەنماوە. لە ڕێکەوتی (٩ی سەرماوەزی ٢٧١٢/  ٢٩ی نۆڤەمبری ٢٠١٢)، لە کاتێکدا تەنیا ١٦ سال تەمەنی بوو و دەیویست  کە بەرەو ئەورووپا بڕوات لە تاران دەستبەسەر کرا.

ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە دادوەریی دادوەر مقیسە بە تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی“، ”هەلگرتنی چەک“، ”کەلک وەرگرتن لە  جلی سەربازی“ سەرجەم حوکمی ٣٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و بە کەلکوەرتن لە یاسای زیاترین حوکم، ناوبراو بە گشتی حوکمی ٧ ساڵ و نیو بەندکرانی کە زیاترین حوکمی بوو، بەسەردا سەپێندرا.

مەریوان کەرکووکی ماوەی ٦ ساڵ و ٤ مانگە کە لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە و لەو ماوەیەدا یەک ڕۆژیش مرەخەسی پێ نەدراوە وێڕای ئەوەی بەرپرسانی دەزگای دادوەریی ئێران بەڵێنییان پێداوە کە لەگەل بەندکراوانی ئێرانی لەهەرێمی کوردستان ئاڵووگۆڕی پێدەکەن، بەڵام تا ئێستا بەڵێنەکەیان بەجێ نەگەیاندووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە