بەندکراوێکی خەڵکی سنە مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لە سەرە

بەندکراوێکی خەڵکی سنە مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لە سەرە

10:30 - 7 May 2021

 

هەنگاو: لاوێکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری سنە کە پێشتر سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، بڕیارە دوای تەواوبوونی مانگی ڕەمەزان لەسێدارە بدرێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا یەکەی جێبەجێکردنی سزاکانی سنە، بنەماڵەی “سەیوان حوسێنی” تەمەن ٣٥ ساڵیان ئاگادار کردووەتەوە کە دوای مانگی ڕەمەزان سزای سێدارەی ناوبراو لە بەندیخانەی ناوەندیی  ئەو شارە جێبەجێ دەکرێت.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی حوسێنی، سەیوان حوسێنی ٣ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە و هەر لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت وتیشی: “بنەماڵەی هاوژینی سەیوان حوسێنی لە ڕۆژانی ڕابردوودا نیوەی پارەی دیەکەیان خستووەتە هەژماری بانکی دەزگای دادوەری و پێداگرن لە سەر جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی سەیوان و هەر بۆیەش ئەگەری زۆرە دوای مانگی ڕەمەزان سزاکەی جیبەجێ بکرێت.”

سەیوان حوسێنی کە باوکی دوو منداڵە، خەڵکی گوندی شیان سەر بە بەخشی ژاوەرۆی شاری سنەیە.