بەندکراوێکی کورد دوای ١٣ ساڵ بەندکران لە سێدارە درا

بەندکراوێکی کورد دوای ١٣ ساڵ بەندکران لە سێدارە درا

15:46 - 16 September 2019

 

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ مانگی موحەڕەم، بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام لە سێدارە درا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو ٢٠ی خەرمانانی ٢٧١٩ (١١ی سێپتامبری ٢٠١٩)، حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی “بێهرووز عەبدیپوور” کوری “یاخی”، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام بەرێوەچووە.

هەواڵنێری هەنگاو، لە ئیلام ڕایگەیاندووە کە بێهروز عەبدیپوور خەڵکی گوندی حەوت کانی (هفت چشمە)ی ئیلام بووە و ١٣ ساڵ پێش بە هۆی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و لە ڕێگای قەسامە واتە سوێند خواردنی کەسێک وەکوو شاهید، حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

شایانی باسە ١٠ ساڵ پێش ماڵپەڕێکی نزیک لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەلقی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە بێهرووز عەبدیپوور بەندکراوی سیاسییە و مەترسی سێدارەی لە سەرە.

لە ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕەدا هاتبوو کە بێرووز بە هۆی ئەشکەنجە لە بەندیخانە یەکێک لە چاوەکانی لەدەست داوە و بنەماڵەکەی بە ناچاری بۆ کرماشان کۆچ دراون، ئەو ماڵپەڕە هەروەها ڕایگەیاندبوو دوو برای بێهروز عەبدیپوور  پێشتر بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لە سێدارە دراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناتوانێ زانیارییەکانی ئەو ماڵپەڕە  پشتڕاست بکاتەوە.

هەواڵی سێدارەی ئەو هاووڵاتیە تا ئێستا لە هیچ راگەیاندنێکی حکومەتیدا بڵاو نەبووەتەوە و هەنگاو وەکو ویەکەمین سەرچاوە بڵاوی دەکاتەوە.