بەندیخانەی میناب؛ سێ بەندکراو مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەیان لە سەرە

دوابەدوای فەرمانی دەزگای دادی ئێران بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانەی کە سزاکەیان یەکلایی بووەتەوە، سی بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی

١ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٣:٢٣

 

هەنگاو: یەکشەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

دوابەدوای فەرمانی دەزگای دادی ئێران بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانەی کە سزاکەیان یەکلایی بووەتەوە، سی بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی میناب سەر بە پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران بە ناوەکانی مورتەزا مەلاحی خەڵکی بەندەری کولاهی، عەباس کەماڵی خەڵکی بەشاگرد و محەممەد سورخ ڕوو خەڵکی میناب بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی میناب، ئەم سێ کەسە پێشتر بە تۆمەتی «بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان» دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.

هەنگاو زانیویەتی کە دوابەدوای دانیشتنی غوڵام حوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لەگەڵ داواکاری گشتی پارێزگاکانی ئێران، بڕیار دراوە کە بە زوویی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانەی کە سزاکەیان یەکلایی بووەتەوە جێبەجێ بکرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی بە نیسبەت لەسێدارەدانی ئەم سێ هاووڵاتییە، بە نیسبەت شەپۆلی نوێی لەسێدارەدانی بەندکراوان دوای بڕیاری نوێی دەزگای داد لە هەموو ئێراندا هۆشداری دەدات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە