بەندیخانەی ئورمیە؛ بەندکراوێکی سیاسی کورد سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

هەنگاو: ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستان کە هاوینی ٢٧١٩ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرابوو، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

٢٧ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٠٣:٥٠

 

هەنگاو: ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستان کە هاوینی ٢٧١٩ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرابوو، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حاتەم ئۆزدەمیر تەمەن ٢٥ ساڵ و بەندکراوی سیاسی خەڵکی پارێزگای ئاگری باکووری کوردستان دوایی ٣٣ مانگ دەستبەسەرکران لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی خۆی بە تۆمەتی «بەغی» لەڕێگەی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) سزای سێدارەی بە سەردا سەپا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ ( ١٥ی مارسی ٢٠٢٢) ئەم سزایە لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیەوە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە. دوایین دانیشتنی دادگای حاتەم ئوزدەمیر کۆتایی هاوینی ئەمساڵ لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی خۆی بەڕێوەچوبوو.

حاتەم ئۆزدەمیر ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (٣ی ژوئیەی ٢٠١٩) لەتێکهەڵچوونێکی نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران لەگەڵ چەند گەریلایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەی بۆرالانی ماکۆ لە حاڵێکدا بریندار و لە هۆشی خۆی چووبوو، بە دیل گیرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی گەلاوێژ (١٩ی ئاگۆستی ٢٠١٩) دوای تەواو بوونی لێپرسینەوەکانی لە دەستبەسەرگەی بنکەی ڕەمەزانی سوپای پاسدارانی ئورمیە بۆ بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە حاتەم ئۆزدەمیر لە چەند مانگی ڕابردوودا بە گورچیلەکانی ئازارێکی زۆریان هەبووە و بەرپرسانەی بەندیخانەی ئورمیە ئیزنیان نەداوە کە بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە بکرێت.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە