تەحسین پیرووزی دوای سێ ساڵ مافی مرەخەسی پێدرا

هەنگاو: تەحسین پیرووزی بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەریوان کە لەکاتی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی دەستبەسەر و سزای ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخر

٢٠ خەرمانان ٢٧٢١، ١٧:٥٩

 

هەنگاو: تەحسین پیرووزی بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەریوان کە لەکاتی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی دەستبەسەر و سزای ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخراوە لە نیشتمانی بە سەردا سەپاوە، دوای سێ ساڵ بەندکران مافی مرەخەسی پێدرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٩ی سێپتامبری ٢٠٢١)، تەحسین پیرووزی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی مەریوان دوای سێ ساڵ بێ بەش بوون لە مافی مرەخەسی دواجار بە دانانی بارمتە مافی مرەخەسی پێدرا.

تەحسین پیرووزی تەمەن ٢٢ ساڵ ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧٢١٨ (١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨) لەکاتێکدا لە پایگای گوندی سەدۆش سەرقاڵی تێپەڕاندنی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بوو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و بۆ سنە گوازرایەوە و بۆ ماوە ٤ مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ژێر ئەشکەنجە بووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواجار ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕیبەندانی ٢٧١٨ (٦ی فێوریەی ٢٠١٩) لەلایەن دادگای سەربازی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر بوزرگی بە تۆمەتی سیخوڕی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوەی بە سەردا سەپا. جێگای ئاماژەئە کە تەحسین پیرووزی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و پارێزەرێکی نزیک لە سپایان بە ناوی “ ڕاستین” بۆ ناوبراو داناوە کە بە وتەی بنەماڵەکەی زیاتر داکۆکی لە سپا کردووە.

تەحسین پیرووزی کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (مارسی ٢٠٢١) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ بەندی نیزامی بەندیخانەی بەندەرعەباس دوورخرایەوە و لەوکاتەوە لە مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە تەحسین ئێستا لە بەندی نیزامی بەندیخانەی بەندەرعەباس هاوڕێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە ئەفسەر بوون و بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراون ڕاگیراوە و باری دەروونی ناجێگیرە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە