ڕاپۆرتێک لە سەر تەحسین پیرووزی بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی بەندەرعەباس

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان کە لەکاتی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی دەستبەسەر و سزای ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخراوە لە نیشتمانی بە سەردا

٢٧ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٢:٢١

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان کە لەکاتی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی دەستبەسەر و سزای ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخراوە لە نیشتمانی بە سەردا سەپاوە، ئێستا لە دۆخێکی ناجێگیری دەروونی لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس ڕاگیراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەحسین پیرووزی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی گوندی سەردۆشی مەریوان ئێستا خەریکە سێهەمین ساڵی سزای بەندکرانی خۆی بە بێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس تێپەڕ دەکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی پیرووزی، دوای گواستنەوەی تەحسین  پیرووزی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ بەندی نیزامی بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس هەتا ئێستا بنەماڵەکەی نەیاتوانیوە بیبینن و سەرباری تەشەنەی کۆرۆنا لەو بەندیخانەیە بەرپرسانی بەندیخانەکە مافی مەرەخەسییان پێ نەداوە.

ئەو سەرچاوەیە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا بە هەنگاوی وت: “ تەحسین ئێستا لە بەندی نیزامی بەندیخانەی بەندەرعەباس هاوڕێ لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە ئەفسەر بوون و بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کراون ڕاگیراوە و باری دەروونی ناجێگیرە.

تەحسین پیرووزی تەمەن ٢٢ ساڵ ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧٢١٨ (١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨) لەکاتێکدا لە پایگای گوندی سەدۆش سەرقاڵی تێپەڕاندنی خزمەتی زۆرەملێی سەربازی بوو لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و بۆ سنە گوازرایەوە و بۆ ماوە ٤ مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە ژێر ئەشکەنجە بووە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواجار ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕیبەندانی ٢٧١٨ (٦ی فێوریەی ٢٠١٩) لەلایەن دادگای سەربازی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر بوزرگی بە تۆمەتی سیخوڕی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ١٥ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوەی بە سەردا سەپا. جێگای ئاماژەئە کە تەحسین پیرووزی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و پارێزەرێکی نزیک لە سپایان بە ناوی “ ڕاستین” بۆ ناوبراو داناوە کە بە وتەی بنەماڵەکەی زیاتر داکۆکی لە سپا کردووە.

تەحسین پیرووزی کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (مارسی ٢٠٢١) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بۆ بەندی نیزامی بەندیخانەی بەندەرعەباس دوورخرایەوە و لەوکاتەوە لە مافی مەرەخەسی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە شاکی دۆسیەی تەحسین پیرووزی کەسێکە بە ناوی “ئولفەتی” کە سەرۆکی ئیتلاعاتی سپای سنەیە و هەر بە هۆی زەخت و گوشاری ناوبراو دەزگای دادوەریی و دیوانی بەرزی وڵات سزای تەحسین پیرووزییان پشتڕاست کردووەتەوە و بەرپرسانی بەندیخانەی بەندەرعەباسیش هەر بە فەرمانی ناوبراو ئەم بەندکراوە سیاسییەیان لە مافی مەرەخەسی بێبەش کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە