تەقەی چەکدارانی ئێرانی لە سنووری پیرانشار کوژران و بریندار بوونی شەش کۆڵبەری لێکەوتەوە

هەنگاو: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی پیرانشار تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا ٦ کۆڵبەر بوونە قوربانی.

٧ جۆزەردان ٢٧١٩، ٠٢:١٤

 

هەنگاو: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی پیرانشار تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا ٦ کۆڵبەر بوونە قوربانی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (٧ی جۆزەردانی ٢٧١٩ / ٢٨ی مەی ٢٠١٩)، چەکدارانی ئێران لە سنووری سێ چۆمانی پیرانشار دەستەیەک لە کۆڵبەرانیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا ٤ کۆڵبەر کوژراون و ٢ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

بە هۆی ئەو دەستڕێژەوە کۆڵبەریکی تەمەن ٥٥ ساڵی خەڵکی ئالانی سەردەشت بە ناوی ”خالید سەلیمی“ کوژراوە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، ناسنامەی ٥ قوربانی دیکە کە دوو کەس لە کوژراوەکان خەڵکی مەهاباد بوون بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.

 

کاتژمێر ١١ بە کاتی تاران

هەتا ئێستا تەرمی خالید سەلیمی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەو ە و تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی پیرانشار ڕاگیراوە. تەرمی دوو لە کوژراوەکان بۆ مەهاباد گوازراوەتەوە.

 

کاتژمێر ١٥:٣٠ دەقە بە کاتی تاران

ناسنامەی یەکێکی دیکە لەو کۆڵبەرانەی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی ئێران کوژراوە، “ئاکام باردل” کوڕی محەمەد و خەڵکی مەهاباد ڕاگەیەندراوە.

هەواڵەکان باس لە گواستنەوەی تەرمی کۆڵبەرێک بۆ شاری شنۆ دەکەن و هاوکات هیچ زانیاریەک لەسەر چارەنوسی نۆ کۆڵبەری دیکە لەبەر دەست دا نییە.زانیاریەکان باس لەوە دەکەن کە ٦ کۆڵبەر کوژراو ٩ کۆڵبەری دیکە بریندار کراون، بەڵام تا ئیستا ئەم هەواڵە بۆ هەنگاو پشتڕاست نەکراوەتەوە.

 

کاتژمێر ١٦ بە کاتی تاران

تەرمی خالید سەلیمی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، ئیدارەی ئیتلاعات و هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەو کۆڵبەرانەی کە شەوی ڕابردوو کوژراونیان  ڕاگەیاندووە و بەڵێننامەیان پێ واژۆ کردووە کە نابێت هیچ هەواڵێک لەسەر کوژرانی ئەو کۆڵبەرانە لە میدیاکان بڵاو بێتەوە و بە مەرجە تەرمەکانیان ڕادەست کراوەتەوە.

 

ئەم هەواڵە نوێ دەکرێتەوە...

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە