جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە ئیلام

سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی مەلەکشایی بە ناوی ستار ئەرغەندە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لە حاڵێکدا لە بەندیخانەی ناوەندی

١٨ جۆزەردان ٢٧٢٢، ١٢:٠٥

 

هەنگاو: چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی مەلەکشایی بە ناوی ستار ئەرغەندە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ لە حاڵێکدا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا کە ناوبراو تەنیا بە «عیلمی قازی» (زانستی دادوەر) ئەو سزایەی بە سەردا سەپابوو.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ستار ئەرغەندە دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

شایانی باسە ستار ئەرغەندە خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە. و لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دانی بەوەدا نەنابوو کە کەسێکی کوشتووە و هیچ بەڵگەیەک کە بیسەلمێنێت ناوبراو بکوژ بووە لە بەر دەست نەبووە و تەنیا بە پێی «زانستی دادوەر» سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی ٤٣ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێشتر بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندبوو کە "دوابەدوای دانیشتنی غوڵام حوسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران لەگەڵ داواکاری گشتی پارێزگاکانی ئێران، بڕیار دراوە کە بە زوویی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانەی کە سزاکەیان یەکلایی بووەتەوە جێبەجێ بکرێت" و بە نیسبەت ئەو پرسەوە هۆشداری دابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە