حوکمی بەندکرانی دوو بەندکراوی کورد کەم کرایەوە

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی بەندکرانی دوو بەندکراوی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە کەم کرایەوە.

١٥ جۆزەردان ٢٧١٨، ٢٢:١١

 

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی بەندکرانی دوو بەندکراوی کورد لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە کەم کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، حوکمی بەندکرانی کاوان مەحموودیان بۆ ٩ مانگ کەم کراوەتەوە و بڕیارە لە ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ ئازاد بکرێت.

 کاوان مەحموودیان خەڵکی ئاوایی تەنگیسەری سنەیە کە ١٨ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری کامیاران دەستبەسەر کراو لەلایەن دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی ”هاوکاری حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران“ حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو بەندکراوە کوردە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە و ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

لەلایەکی دیکەوە، حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی ئیبراهیم خالیدی خوێندکاری خەڵکی ئورمیە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئورمیەوە بۆ ٣ ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.

ئیبراهیم خالیدی لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ دەستبەسەر و دواتر حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە حوکمی ناوبراوی بۆ ٣ ساڵ کەم کردوەتەوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەو حوکمە بە فەرمی لە بەندیخانەی ئورمیە بە ئیبراهیم خالیدی ڕاگەێندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە