حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی کورد هەڵوەشێندرایەوە

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی بانە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە و گەڕێندایەوە بۆ ئ

٤ خەرمانان ٢٧٢٠، ١١:٠٣

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی بانە لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە و گەڕێندایەوە بۆ ئەو دادگایە کە حوکمەکەی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی بانە بە ناوی ”سامان کەریمی“ بە هۆی کەمو کۆڕی لە لیکۆڵینەوەکان لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە هەڵوەشێندراوەتەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە گەڕێندراوەتەوە.

سامان کەریمی تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی محەمەد ساڵح، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ (١٣ی نۆڤەمبری ٢٠١٨) لەلایەن هیزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی شارامفەری سپای سنە گوازرایەوە و دوای سێ مانگ گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە. ناوبراو ئێستا لە بەندی پوویشی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەی ٢٧١٩ (١٢ی نۆڤەمبری ٢٠١٩) لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەیدی  بە تۆمەتی “ بەغی و هاوکاری وئەندامەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” حوکمی سێدارە و ١٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوەو ئەو حوکمە ڕێکەوتی ١٣ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە فەرمی بەناوبراو ڕاگەیەندراوە.

هەنگاو پێشتر وەکوو یەکەم سەرچاوە هەواڵی سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر ئەو بەندکراوە کوردەی بڵاو کردبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە