حوکمی سێدارەی حەفت بەندکراوی مەزهەبیی کورد پشتراست کرایەوە

هەنگاو: دیوانی باڵای ئێران، بە شێوەی فەرمی حوکمی سێدارەی حەفت بەندکراوی مەزهەبی کوردی بە پارێزەرەکەیان ڕاگەیاندووە.

١٨ ڕێبەندان ٢٧١٩، ١٢:١٧

 

هەنگاو: دیوانی باڵای ئێران، بە شێوەی فەرمی حوکمی سێدارەی حەفت بەندکراوی مەزهەبی کوردی بە پارێزەرەکەیان ڕاگەیاندووە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، حوکمی سێدارەی ٧ بەندکراوی مەزهەبی کورد بە ناوەکانی “خوسرەو بەشارەت، کامران شێخە، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، قاسم ئابەستە، ئەیووب کەریمی، ئەنوەر خزری” لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران پشتراست کراوەتەوە و رۆژی دووشەممە ١٤ی رێبەندانی ٩٨ (٣ی فێوریەی ٢٠٢٠) بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەیان ڕاگەیەنەدراوە.

ئەو حەفت هاووڵاتیە کوردە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٨ (١٠ ساڵ پێش) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرانەوە و دوای ٨ مانگ راگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە، بۆ بەندیخانەی ئێڤین تاران و دواتر و ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی بۆ بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە.

ئەو حەفت بەندکراوە لە کۆتاییەکانی ڕەشەمی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی (٢٠١٦) ، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆرشی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر موقەیسە، چەندین تۆمەتی وەکوو”هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی، پڕۆپاگەندە دژی نیزام، ئەندامەتی لە گروپە سەلەفیەکان، فسادفی الارض”یان بەسەردا سەپێندرا و ساڵیک دواتر حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپا. دوایی نارەزایەتی بەو حوکمە لەلایەن ئەو ٧ بەندکراوە کوردە، حوکمەکەیان لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشێندرایەوە.

ئەو بەندراوانە لە جۆزەردنی ساڵی ١٣٩٧ بە تۆمەتی “فسادفی الارض” لەلایەن لقی ١٥ دادگای شۆرشی تاران بە بەپرسیارەتی دادوەر سەڵەواتی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراو دوای ناڕەزایەتی پارێزەرەکەیان ئەو حوکمە بۆ لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران نێردرایەوە. پشترارسکردنی ئەو حوکمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر بە هۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، هەر لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران حوکمەکە هەڵوەشێندرابوویەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە