حەفتەمین بەندکراوی تووشبوو بە پەتای کرۆنا بۆ دەرەوەی بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە

هەنگاو: هاوکات لە گەڵ گواستنەوەی حەفتەمین حاڵەتی تووشبوونی بەندکراوان بە پەتای کرۆنا بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، بەندکراوانی ئەو

١٣ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٦:١٢

 

هەنگاو: هاوکات لە گەڵ گواستنەوەی حەفتەمین حاڵەتی تووشبوونی بەندکراوان بە پەتای کرۆنا بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە بە نیسبەت نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشممە ١٣ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (٣ی مارسی ٢٠٢٠)، یەکێکی دیکە لە بەندکراوانی بەندی ٣_٤ی بەندیخانەی ئورمیە بە ناوی ”سەلمان سولەیمان نژاد“ بە هۆی تووشبوون بە پەتای کرۆنا لەلایەن کادری دەرمانی ئەو بەندیخانەیەوە بۆ دەرەوەی بەندیخانە گوازرایەوە.

یەکێک لە بەندکراواەکانی بەندیخانەی ئورمیە لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ هەنگاو ڕایگەیاند کە، مێهرعەلی فەرهەنگ، کارێگێری ناوخۆیی بەندیخانە لە حزووری باقی بەندکراوەکان تووشبوونی ئەو بەندکراوەی بە پەتای کڕۆنای پشتڕاست کردووەتەوە.

دوای گواستنەوەی ئەو بەندکراوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، باقی بەندکراوەکان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی لە ناو بەندیخانە مانیان گرتووە کە بەرپرسانی بەندیخانە دوای ئەوە و پاش یەک حەفتە لە بڵاو بوونەوەی ئەو پەتایە لە بەندیخانەکە، بەندەکانی بەندیخانەیان خاوێن کردووەتەوە و دەمامەکیان لە ناو بەندکراوەکان دابەش کردووە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا،  ٧ بەنداکراوی تووشبوو بە پەتای کرۆنا لە بەندیخانەی ئورمیەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی ئەو شارە گوازراونەتەوە کە یەکێکیان بە ناوی ”فەریق محەمەدی“ گیانی لە دەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە