خوێندکارێکی کورد لە مەریوان دەستبەسەر کرا

هەنگاو: یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

١٢ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٧:٢٢

 

هەنگاو: یەکێک لە خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٣٠ی ژانویەی ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای مەریوان هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندی «گوڵچێر» و بێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری لاوێکیان بە ناوی خەبات وەیسی تەمەن ٢٤ ساڵ دەستبەسەر کردووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خەبات وەیسی کە خوێندکاری بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی پەیامی نووری شاری مەریوانە، دوای دەستبەسەر کران بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای مەریوان گوازراوەتەوە و شەوی ڕابردوو لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیەی نزیک لە بنەماڵەی وەیسی بە هەنگاوی وت: «هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا سەرەڕای دەستبەسەرکرانی خەبات وەیسی دەستیان بە سەر مۆبایلی خۆی و باوکی بە ناوی عەبدوڵڵا وەیسی دا گرتووە.»

عەبدوڵڵا وەیسی خەڵکی گوندی «گوڵچێر» ڕۆژی شەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (٢٠ی ژوئیەی ٢٠١٩) دوای بانگ کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرا. ناوبراو پاش ٤ مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەنگاو زانیویەتی کە هێزە ئەمنییەکان داوایان لە بنەماڵەی وەیسی کردووە کچەکەیان کە ئەندامی حیزبێکی دژبەری حکومەتە خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بکاتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە