خۆکوشتنی سێ مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ لە شارەکانی مەهاباد و کۆیەشت

لە ماوەی ڕابردوودا سێ مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە شارەکانی مەهاباد و کۆیەشت بە ناوەکانی عەلی محەممەد قەلەندی، فەرهاد مەحموودزادە و ئەمیر ئازادبەخت بە هۆن

١ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٧:٤٨


هەنگاو: شەممە ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

لە ماوەی ڕابردوودا سێ مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە شارەکانی مەهاباد و کۆیەشت بە ناوەکانی عەلی محەممەد قەلەندی، فەرهاد مەحموودزادە و ئەمیر ئازادبەخت بە هۆکاری نادیار کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. خۆکوشتنی مێرمنداڵان لە ٤ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ١٠٠٪ بەرز بووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١٩ی جولای ٢٠٢٢)، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان بە ناوی عەلی محەممەد قەلەندەری بە هۆکارێکی نادیار و لەڕێگەی بەکارهێنانی حەبی برنجەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١٧ی جولای ٢٠٢٢) مێرمنداڵێکی ١٧ ساڵی خەڵکی مەهاباد بە ناوی فەرهاد مەحموودزادە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە گیانی لەدەستدا. ئەم مێرمنداڵە چوار مانگ پێش لە پارکینگی ماڵی خۆیان بە هۆکاری نادیار خۆی هەڵواسیبوو و دواتر چووبووە حاڵەتی کۆماوە.

هەروەها مێرمنداڵێکی دیکە بە ناوی ئەمیر حوسێن ئازادبەخت ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ (١٩ی جوونی ٢٠٢٢) لە شاری کۆیەشت بە هۆکاری نادیار خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.


بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتایی ساڵی ٢٧٢٢ تا ئێستا (٤ مانگ) لانی کەم ٣٠ مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ (٢١ کوڕ و ٩ کچ) لە شارەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ١٥ حاڵەت واتە ١٠٠٪ زیادی کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە