دانیشتنی دادگای هووشەنگ رەزایی بەندکراوی مەحکووم بەسێدارە، پاش ٩ ساڵ بەندکران جارێکی دیکە بەبێ پارێزەر بەڕێوەچوو

هەنگاو: هووشەنگ رەزایی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی نەهاوەندی هەمەدان لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج پاش ٩ ساڵ بەندکران، مافی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی پێدرا،

٣ بەفرانبار ٢٧١٨، ٠٩:١٩

 

هەنگاو: هووشەنگ رەزایی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی نەهاوەندی هەمەدان لە بەندیخانەی رەجایی شاری کەرەج پاش ٩ ساڵ بەندکران، مافی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی پێدرا، بەڵام مافی هەبوونی پارێزەری لێ زەوت کرا.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتێکدا هووشەنگ رەزایی بۆ پێراگەیشتن بە دۆسیەکەی ٣ پارێزەری بۆ داکۆکی لە دۆسیەکەی هەڵبژاردبوو، بەڵام دادگا هەر ٣ پارێزەرەکەی رەت کردەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری هەنگاوی راگەیاند، رۆژی شەمە ٢٤ی سەرماوەزی ٩٧ دانیشتنی دادگای هووشەنگ رەزایی لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی قازی موقەیسە بەڕێوەچوو.

ئەو بەندکراوە سیاسییە دوایین جار ساڵی ١٣٩٦ داوای پێراگەیشتن بە دۆسیەکەی پەسند کرا و لەلایەن دیوانی باڵاوە لەمەڕ مادەی ١٨٦ (محاربە) و رەوانەی لقی ٢٨ی دادوەر موقەیسە کرا.

ئەو بەندکراوە سیاسیە پاش پەسندکرانی یاسای نوێ لە ساڵی ٩٢ سەبارەت بە گۆڕدرانی مادەی ١٨٦ چەندین جار داوای پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی کرد، بەڵام دادگا داواکەی رەت دەکردەوە.

هووشەنگ رەزایی لەدایکبووی سالی ١٣٦٤ی نەهاوەند لە پارێزگەی هەمەدانە کە رێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ٨٩ لە تاران دەستبەسەر و رەوانەی بەندی ٢٠٩ کرا و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە ژێر ئەشکەنجەدا لە ژووری تاکەکەسی راگیرا و پاشان بۆ بەندی ٣٥٠ گوێزرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسیە ساڵی ١٣٩٠ لە دوو دانیشتنی دادگادا بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی، بەبێ ئەوەی ئیزنی هەڵبژاردنی پارێزەری هەبێ، تەنیا بە ئامادەبوونی پارێزەریکی تەەسخیری دادگایی کرا.

هووشەنگ رەزایی بە تۆمەتی موحارەبە لە رێگەی "هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵە"، "بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی سالی ٨٨"، هەڵگرتنی چەک و پەرێنەوە لە سنوور" بە ١٠ ساڵ بەندکران و سێدارە مەحکووم کرا.

ناوبراو سەرەڕای ئەوەی حوکمی دادگای بەشێوەی فەرمی پێ رانەگەیدنرا، ئیزنی تانە لێدانی لە حوکمەکەشی نەبوو.

ئەو بەندکراوە سیاسیە لە رێکەوتی ١ی بانەمەڕی ٩١ بۆ بەندیخانەی رەجایی شار دوور خرایەوە و لە رێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ٩١دا سەرلەنوێ بۆ بەندی ٢٠٩ی ئێڤین گوازرایەوە و بۆ ماوەی ٦ مانگ بە تۆمەتی بێ بنەمای کوشتنی "زانای ناوکی عەلی محەمەدی" لەژێر ئەشکەنجە و گوشاردا بوو، کە سەرئەنجام لەو تۆمەتە بێ بەری کرا.

حوکمی بەندکران و سێدارەی ئەو بەندکراوە لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و لە بەفرانباری ٩١دا کە بەهۆی ئەشکەنجەوە لاوازیی جەستەیی هاتبوو بۆ بەندیخانەی رەجایی شار گوازرایەوە و هیچکات حوکمەکەی بە شێوەی فەرمی پێ رانەگەیدنرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە