دایە شەریفە بۆ مۆگرینی: دڵی منیش لەگەڵ خۆتان بەرن بۆ سەر میزی دانووستان.

هەنگاو: دایە شەریفە دایکی ڕامین حوسین پەناهی کە مەترسی بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی دوای مانگی ڕەمەزان لە ئارادایە، بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵا ب

٣ جۆزەردان ٢٧١٨، ٢٢:٣٧

 

هەنگاو: دایە شەریفە دایکی ڕامین حوسین پەناهی کە مەترسی بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی دوای مانگی ڕەمەزان لە ئارادایە، بە نووسینی نامەیەکی سەرئاوەڵا بۆ فدریکا مۆگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، داوای لێکردووە کە باسی سێدارەی ڕامین بباتە سەر میزی دانووستاندنەکانی لەگەڵ ئێران

 

دەقی تەواوی نامەکە بە شێوەی خوارەوەیە

ئەوە نامەی دایکێکە لە شارۆچکەیکی بچووکی کوردستانی ئێران. نامەی دایکێک کە ھەموو ڕۆژێ ترس و دڵەڕاوکێ بەری نادا، ھۆکاریش ئەوەیە لە زیندانێکی نزیک لێیەوە دوای مانگی رەمەزان بڕیارە بەشێک لە دڵی لە سێدارە بدرێ. دەزانن واتا چیە؟ کە بیر لەو کارەساتە دەکەمەوە موچۆرکم پێدا دێت و بێزارم لە وشەی "سێدارە".
بیستوومە خۆتان دایکن و دوو کچ تان ھەیە کە واتە دەتوانن بۆ تاوێکیش بێ لە دڵەوە بەدوور لە سیاسەت گوێ لە قسەکانم بگرن.
من دایکێکی ئازار چێشتووم، سی ساڵە دەردم ناسیوە و ساڵانێکی زۆرە بە دوای ڕۆڵەکانمەوەم. ئەو ڕۆڵانەی کە باسی عەداڵەت و یەکسانی دەکەن و کردوویانە و ھەوڵیان بۆ داوە. بەڵام لێرە ھەموو شتێک قەدەغەیە، ئێمە لە دۆزەخ دا دەژین و ژیانی ئەم ڕۆژانم وەک ئەوەیە کە لە دۆزەخ دا بم.
ڕامین حوسین پەناھی کە دڵنیام ناوتان بیستوە و وێنەکەیتان دیوە ڕۆڵەی خۆشەویستی منە. ڕامین ھەر ھەڵەیەکیشی کردبێ سزای مەرگ نیە. ئایا ئەوە قسەیەکی ناحەقە کە من ئەیکەم؟ ڕامین چالاکێکی سیاسیە کە پەروەندەیکی سەرانسەر لە درۆی بۆ ساز کراوە و بەو ھۆیەوە نزیکیان کردوەتەوە لە مەرگ.
داواکاری من ئەوەیە کە لەم ڕۆژانەدا کە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران خەریکی قسە و دانووستاندنن داخوازیەک بە داخوازیەکانی پێشووتان زیاد کەن و داوای ھەڵوەشانەوەی بڕیاری لە سیدارە دانی ڕامین بکەن و لە دادگایێکی ئاوروپایی دا مۆحاکمەی بکەن.
دەمھەوێ بۆ تاوێکیش بێ لە ڕێگای ئەم نامەیەوە خۆتان بخەنە جێگای ئەو دایکەوە کە چیتر توانای کارەساتی تری نەماوە.
دڵی من و ڕۆڵەکەم ئەم ڕۆژانە پێوەستە لە یەک و ئەزانم بۆ ڕۆڵە بچووکەکەم ڕامین ئەم ڕۆژانە زۆر ناخۆش و ئەستەمە. مۆتەی سێدارە! دەمھەوێ بۆ تاوێکیش بێ لەم ھەستەی من نزیک بنەوە و خۆتان لە جێگای من دابنێن، کارێک بکەن و ڕێگا نەدەن ئەم کارەساتە ڕو بدا دڵنیام ئێوە دەتوانن. سەمیمانە تکام ئەوەیە ھەوڵی جدی خۆتان بۆ وەستانی ئەو بڕیارە بدەن و ڕێگا مەدەن ڕامین لە سێدارە بدرێ.


بە سپاسەوە شەرافەت زەڕینی دایکی ڕامین حوسین پەناھی.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە