دوو بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەکانی زەنجان و سنە ئازاد کران

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد دوای ١٢ ساڵ بەندکران بەمەرج ئازاد کرا و هاوکات بەندکراوێکیش دوای بەڕێکران بۆ م

١٦ خاکەلێوە ٢٧٢١، ١٩:٢٥

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد دوای ١٢ ساڵ بەندکران بەمەرج ئازاد کرا و هاوکات بەندکراوێکیش دوای بەڕێکران بۆ مرەخەسی کۆتایی بەندکران، لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خاکەلیوەی ٢٧٢١ (٤ی ئاوریلی ٢٠٢١)، وەحید نەبی زاده، بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەڵماس دوای تێپەڕاندنی ١٢ ساڵ لە سزای ٢٥ ساڵ بەندکرانەکەی داوای ئازادی مەرجداری پەسەند کرا و لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری زەنجان ئازاد کرا.

وەحید نەبی زادە خەڵکی گوندی “گوڵ ئەدەم”ی سەڵماس ساڵی ٢٧١٣ (٢٠١٣) لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر و لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری خۆی بە سەرۆکایەتی دادوەر نەورووزی بە تۆمەتی دژایەتی خودا (موحاریبه) لە ڕێگای ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە دواتر لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و بۆ ٢٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سیروان ڕەحیمی چالاکی مەدەنی خەڵکی دێولان کە لە بەندیخانەی سنە ماوەی ١٣ مانگ بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکەرد، نێردرایە مرەخەسی کۆتایی قۆناغی بەندکران و ئازاد کرا.

سیروان ڕەحیمی شەوی شەممە ٦ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٢٨ی سێپتامبری ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دوای پێنج مانگ بەندکران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەم چالاکە کوردە مانگی ڕەشەممەی هەمان ساڵ (مارسی ٢٠٢٠) لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای ١٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

سیروان ڕەحیمی دواجار ڕۆژی سێشممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٠ی ژئەنی ٢٠٢٠) کاتێک بە مەبەستی تانەدان لە بڕیاری دادگا سەردانی دادگای شۆڕشی سنەی کردبوو دەستبەسەر و بۆ تێپەڕاندنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە