دوو بەندکراوی مەزهەبی دیکە لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد کران

هەنگاو: دوو بەندکراوی دیکەی مەزهەبی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە ڕاگیرابوون، دوای ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانە ڕەزامەندییان لە سەر داواکارییەکەیان نێ

٢٥ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٥:٥٣


هەنگاو: دوو بەندکراوی دیکەی مەزهەبی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە ڕاگیرابوون، دوای ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانە ڕەزامەندییان لە سەر داواکارییەکەیان نێشان دا، مافی مرەخەسییان پێدرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٥ی مارسی ٢٠٢٠)، ئاوات جەوانبەخت، بەندکراوی مەزهەبی کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیرابوو، مافی مرەخەسی پێدراوە.


ئاوات جەوانبەخت بەندکراوی مەزهەبی خەڵکی مەهاباد لە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧١٨ (١٢ی ئاوریلی ٢٠١٨) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی مەهاباد دەستبەسەر و دواتر بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان، حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.


لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی ڕابردوو یەکێکی دیکە لە بەندکراوانی مەزهەبی ئەو بەندیخانەیە بە ناوی ”ئەکبەر عومەری“ خەڵکی سەڵماس مافی مرەخەسی پێدرا. ئەکبەری عومەری ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ٢٧١٧ (٢٣ی ئاوریلی ٢٠١٧) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سەڵماس دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان حوکمی ٤ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا.


بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای پەرەسەندنی پەتای کۆرنا و فەرمانی سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران بۆ ئازادی کاتی بەشێک لە بەندکراوان، هەتا ئێستا ٥ بەندکراوی مەزهەبی کە لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیرابوون، مافی مرەخەسییان پێدراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە