دوو هاووڵاتیی مەهابادی سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپا و بۆ بەندیخانە گوازرانەوە

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە و دەستبەسەر کراون.

٣٠ بانەمەڕ ٢٧٢١، ١٨:٣٧

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە و دەستبەسەر کراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوو چالاکی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی سولەیمان کەریم پوور و خالید محەمەدزادە کە کۆتایی هاوینی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی “هاوکاری لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو حوکمە سولەیمان کەریم پوور سزای دووساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و دادگای پێداچوونەوە سزاکەی وەک خۆی پشتڕاست کردووەتەوە و هەروەها ئۆتۆمبێلەکەشی دەستی بەسەردا گیراوە.

هەروەها، خالید محەمەدزاده سزای یەک ساڵ و ٥ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە کە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ یەک ساڵ و دوو مانگ بەندکران کەم کراوەتەوە.

سولەیمان کەریم پوور ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٨ی مەی ٢٠٢١) و خالید محەمەدزاده مانگی ڕەشەممەی ٢٧٢٠ (مارسی ٢٠٢١) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد کراون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کە خەڵکی گوندی خوڕخوڕەی ئەو شارەن، ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٤ی سێپتامبری ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای مەهاباد دەستبەسەر و دوای ٧٠ ڕۆژ بەندکران بە بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە