دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی مەهابادی بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازرانەوە

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە دوو مانگ پێش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئەو شارە دەستبەسەر کرابوون، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٢:٤٣

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە دوو مانگ پێش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئەو شارە دەستبەسەر کرابوون، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٩ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، دوو هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی سولەیمان کەریم پوور و خالید محەمەدزادە دوای دوو مانگ دەستبەسەر کران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازراونەتەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کە خەڵکی گوندی خوڕخوڕەی ئەو شارەن، ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٤ی سێپتامبری ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای مەهاباد دەستبەسەر و لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا لە دەستبەسەرگەکانی ئیتلاعاتی سپای مەهاباد و ئورمیە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سولەیمان کەریم پوور و خالید محەمەدزاە به تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و لەو ماوەیەدا لە هەبوونی مافی دەستپێڕاگەیشتن به پارێزەر و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە